جارێک لە ناسیاوێکی خۆمانیان پرسی، باشە بۆچی وا پیر بوویت؟ چی شتێک لە ژیاندا وا هیلاکی کردوویت؟ وەڵامەکەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام کاتێک ووتی: هیچ شتێک لە ژیاندا هێندەی نەبوونی و قەرزداری پیری نەکردم!
پارە بۆ پیاو، زۆر زیاترە لە پارچە کاغەزێک. دەڵێم بۆ پیاو، چونکە کاتێک پیاو بێ پارەیە، هەست ئەکات بەرپرسیارێتی و کەسایەتی و پێگەی خۆی لەناو ماڵ و منداڵدا نیشانەی پرسیاری دێتە سەر. کاتێک پیاو بێ پارەیە، لەناخەوە ئەکوڵێ. هەرگیز ماڵ و منداڵ هەست بەو پیربوونەی پیاو ناکەن، کاتێک لە بێ پارەییدا دەیچێژێ.
کاتێک پارەی کارەبا و پێویستی و میوە و کرێ خانوو ئامادە نییە، هەمووان سەیری پیاوی ماڵ دەکەن. کاتێک منداڵ پارەی خوێندن و جانتا و جل و بەرگی نییە، هەمووان سەیری پیاو دەکەن. وە کاتێک پیاو ناتوانێ ئەمە جێبەجێ بکات، لەناخەوە خۆی بە میوان دەبینێ لەناو ماڵی خۆیدا. هەڵبەتە هەموو ئەم قسانە بۆ پیاوێک ڕاستە، کە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات
من ئەزانم ئێستا خانم و پیاو وەک یەک هەوڵ دەدەن. بەڵام چیرۆکەکان جیاوازن. تا ڕادەیەک ئیش بۆ خانمان، ئیزافەیە. بەڵام بۆ پیاو، ئەرکی سەرشانە و چاوەڕوانییەکە لێی. شتێکی موهیمی نەکردووە کاتێک خەرجییەکان دابین دەکات، هەموویان وەک ئەرکێکی سەرشانی پیاوەکە دەیبینن. بۆیە کاتێک بۆی جێبەجێ ناکرێت، میوانە. میوانە لە ماڵەکەی خۆیدا. نەبوونی پارە بۆ پیاو، وەک نەبوونی خۆشەویستی وایە بۆ ژن، پیری ئەکات
تەها جەلیل
